شاعیر: لوتفی
کتێب: دیوانی لوتفی
سەرناو: داخ لە دەس جەوری زەمانە وەک فلیمی سینەما

داخ لە دەس جەوری زەمانە وەک فلیمی سینەما
جار بە جار خۆی لێم ئەگۆڕێ ھەروەکوو شاپووری شا

ڕۆژێ ئەیکا بە وەزیر و ڕۆژێ گێژ و بێ نەوا
ڕۆژێ فاسۆنی لەبەر کرد ڕۆژێ ڕووت و بێ کەوا

ڕۆژێ بێ شەوق و زەلیلە دائەنیشێ دڵ بە غەم
ڕۆژێ شەوقی سەر و سیمای ھەروەکوو نەجمی سەما

ڕۆژێ ڕوخساری ئەبینم سیس و بێ خواردن و خەوە
جارێکیش ھەر ئەو کەساسە ڕووی وەکوو ڕۆژ شەوق ئەدا

جارێ ژەنگاوی وەکوو ئاسن لە ناوی زبڵ و خۆڵ
ڕۆژێ ئەیبینم بەشەوقە ڕوومەتی ھەروەک چرا

دوێنێ خزمەتچی و نۆکەر بوو لە دەرگەی حاکمێ
ئیمڕۆ وا لە شانە بۆتە سەرکردەی سوپا

دوێنێکە کەناسی کۆڵان ئەمڕۆکە بۆتە ئەمیر
پێ لەسەر پێی دائەنیشێ ڕوو بەڕووی سەرھەنگ و شا

دوێنێ ڕووت و بێ کراس بوو پێم ئەوت مامە خلە
ئیمڕۆ پۆشتە و پارەدارە پێی ئەڵێی خدرە ئەغا

پارەکە پیاوی زەریف بوو چونکە پارەی زۆر ھەبوو
لوتفی ئیمڕۆ بێ فلوسی لاچۆ لێرە توخوا